01:25 | 2008/4/18 | رێبەر
"زۆربه‌ی سیدیفرۆشهكان ئه‌و ئیشه‌یان سوك‌و بێ‌ڕێز كردووه، سومعه‌ی ئێمه‌شیان زڕاند بوو،
"ئێمه سه‌نته‌رێكی ناسراوین ته‌نها بهرههمو ئه‌لبوومی هونه‌رمه‌ندان بڵاوده‌كه‌ینه‌وه، فرۆشتنی سیدی سێكسی پیشه‌ی ئێمه نیه".
تاكو ئێستا فرۆشتنی سیدی سێكسی له‌ناو بازاڕی سیدی فرۆشانی هه‌ولێر ره‌واجی خۆی هه‌یه‌و به شێوه‌یه‌كی نائاشكرا له بازاڕی دهڵاڵخانهدا ده‌فرۆشرێت. به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسیش ئاماژه به‌وه ده‌كات كه نه‌توانراوه به ته‌واوه‌تی كۆنترۆڵی فرۆشتنی ئه‌و جۆره سیدییانه بكه‌ن. هه‌ندێ دوكانداریش ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه خه‌ڵكی كه‌متر له‌جاران سیدی رووت ده‌كڕن به‌هۆكاری بوونی وهسائلی تری وه‌كو ئهنتهرنێتو سه‌ته‌لایت، ئه‌وانه‌ش داوای ده‌كه‌ن، له ناوپیرهكاندا زیاتره.له ماوه‌ی رابردوو له بازاڕی ده‌ڵاڵخانه‌ی شاری هه‌ولێر ئاشكرا گوێت له‌وه ده‌بوو كه هه‌ندێ له سیدی فرۆشان به ده‌نگی به‌رز هاواریان ده‌كرد "وه‌ره ئێره فیلمی شه‌ومان هه‌یه".
محه‌مه‌دی ته‌مه‌ن 19 ساڵ به‌پێكه‌نینه‌وه ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ی ساڵانی رابردوی ده‌گێڕایه‌وه كه چۆن پیرو لاو عه‌وداڵی ئه‌و سیدییانه بوون‌و بازاڕێكی گهرمو گوڕی هه‌بووه.
خاوه‌نی نوسینگه‌ی خانزاد بۆ فرۆشتنی سیدیو دیڤیدی، ده‌ستی رادهوشاند بۆ كۆڵانی دهڵاڵخانهو وتی "زۆربه‌ی سیدیفرۆشهكان ئه‌و ئیشه‌یان سوك‌و بێ‌ڕێز كردووه، سومعه‌ی ئێمه‌شیان زڕاند بوو، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه ئێستا فرۆشتنی ئه‌و جۆره سیدییانه قه‌ده‌غه‌یه‌و كه‌سی فرۆشیارو كڕیار وه‌كو یه‌ك سزادهدرێنو راپێچی بنكه‌ی پۆلیس ده‌كرێن، زیاتر له 6 ساڵه دوكانمان لێره‌یه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌و سیدییانهمان نه‌فرۆشتووه".
دوكاندارێكیتر كه خاوه‌نه‌كه‌ی نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت باسی له‌وه ده‌كرد كه ساڵانێكی زۆره له‌ناو ده‌ڵاڵخانه ئیش ده‌كات، له ساڵی 2001یشه‌وه تاوه‌كو 2003 فرۆشتنی سیدی سێكس‌و مامه‌ڵه‌پێكردنی ببووه دیارده‌و ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندبوو و خه‌ریكبوو له كۆنترۆڵ ده‌ربچێت، چونكه به هه‌موو چین‌و توێژیكیان ده‌فرۆشت، هه‌رگیز حسابی ته‌مه‌نی كڕیارهكهیان نه‌ده‌كرد، ته‌نها پاره‌ی پێبایه ده‌یاندایه.
ئه‌و دوكانداره ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه كه زۆرێك له نوسینگه‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌ی سیدی به دزییه‌وه ئێستا خه‌ریكی كۆپی كردنی سیدی سێكسییهكانن، به‌ڵام ئاماده نه‌بوو ناوی هیچ له‌و نوسینگانه بڵێ كه ئه‌و جۆره كارانه ده‌كه‌ن.
له لایه‌كتره‌وه خاوه‌نی سه‌نته‌ری ئهڕبائیلۆ كه یه‌كێكه له به‌ناوبانگترین سه‌نته‌ره‌كانی هه‌ولێرو كوردستان، ره‌تی كرده‌وه له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته هیچ قسه‌یه‌ك بكات له به‌ر ئابڕوی سه‌نته‌ره‌كه‌یان ته‌نها ئه‌وه‌ی وت "ئێمه سه‌نته‌رێكی ناسراوین ته‌نها بهرههمو ئه‌لبوومی هونه‌رمه‌ندان بڵاوده‌كه‌ینه‌وه، فرۆشتنی سیدی سێكسی پیشه‌ی ئێمه نیه".
له‌ناو بازاڕه‌كانی هه‌ولێر زۆرێك چاودێری شاره‌وانی ده‌بینیت، به تایبه‌تی بۆ رێكخستنی ناو بازاڕ‌و شۆسته‌ی سه‌ر شه‌قامه‌كان. زیره‌ك‌و محه‌مه‌دی پۆلیس له‌و كاته‌ی خه‌ریكی ده‌ركردنی عاره‌بانه‌و مێزه‌كانی ناو شه‌قامی ده‌ڵاڵخانه بوون، ده‌رباره‌ی فرۆشتنی سیدی رووت وتی "ئه‌و دیارده‌یه زۆر كه‌مه یان هه‌ر نه‌ماوه به بڕیارێكی پارێزگار‌و قایمقامی هه‌ولێر ئه‌و كاره قه‌ده‌غه‌كراوه، هه‌ر كه‌سێكیش سه‌رپێچی بكات سزا دهدهرێتو كهلو پهلهكهشی ده‌ستی به سه‌ردا ده‌گیرێ‌و یه‌ك دوو رۆژیش ته‌وقیف ده‌كرێت. ئه‌و پۆلیسه ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه رێگری كردنی ئه‌و كه‌سانه‌ش ئه‌ركی ئه‌وان نییه‌و ئه‌ركی (ئینزیبات)ه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر رووداوێكی هاوشێوه ببینین خۆیانی لێبێده‌نگ ناكهنو وه‌كو پۆلیسی (ئینزیبات) هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن. ئه‌و چاودێره ئه‌وه‌شی گوت كه ئێستا دیارده‌ی كڕین‌و فرۆشتن به ئاشكرا بهسیدییه سێكسییه‌كانه‌وه نه‌ماوه مه‌گه‌ر به دزیه‌وه بێت، دوور له چاوی ئێمه‌وه له پهناوپێچو ئه‌ملاو لادا.
لهلایهكیتریشهوه خاوه‌نی نوسینگه‌ی نێرگز به‌پێكه‌نینه‌وه باسی له‌وه ده‌كرد كه مودێلی سیدی سێكس به‌سه‌رچووه‌و شتی‌تر هاتۆته ئاراوه "له‌به‌ر سهتهلایهتو قاوه‌خانه‌و سه‌نته‌ری ئهنتهرنێتهكان خه‌ڵكی چ پیویستی به كڕینی سیدییه، كه له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیاو دونیای ئێستا، DVD باوی هه‌یه، كه ده‌توانی چه‌ندین فیلمی درێژ له سه‌ر یه‌ك DVD خه‌زن بكه‌ی كه زیاتر له سێ تا پێنج فیلم جێگای ده‌بێته‌وه".
له‌و باره‌یه‌وه خاوه‌نی سه‌نته‌ری "ئه‌تڵه‌س" كه تایبه‌ته به فرۆشتنی فیلمی DVDو یارییه ئه‌لیكترۆنییه‌كان، وتی "ئێمه بارزگانی به سیدیو DVD سێكسییه‌كان ناكه‌ین، كه‌سێك نیه له هه‌ولێر فیلمی سێكسی له سه‌ر DVD ئاماده بكات، سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی فیلمی DVD له موسڵه‌وه دێته شاره‌كانی هه‌رێمه‌وه‌و به دزییه‌وه كڕینیو فرۆشتنی پێوه ده‌كرێت".
ئه‌و پیاوه كه ساڵانێكه له‌و بواره كار ده‌كات، پێی وایه له ئێستادا پیاوی پیر زیاتر سۆراغی ئه‌و جۆره فیلمانه ده‌كه‌ن "كه‌سانی به تهمهنو پیر لێی دهپرسنو بهكهمیو تاك تاك گه‌نجێك ده‌بینیت بێ پرسیار بكات له‌و جۆره فیلمانه".
بۆ به‌دواداچوون له‌سه‌ر ئه‌و دیارده‌یه، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت له‌و باره‌یه‌وه وتی "بازرگانی ئه‌م جۆره شتانه به ئاشكرا قه‌ده‌غه‌یه‌و، ئه‌وانه‌شی ئه‌و كاره ده‌كه‌ن ئیجرائاتیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، به‌ڵام كێشه‌كه له‌وه‌دایه كه بنهبڕناكرێت، چونكه سه‌رچاوه‌كانی په‌یداكردنی زۆره‌و یه‌ك شوێن نییه‌و له زۆر شوێنه‌وه ده‌ستی خه‌ڵكی ده‌كه‌وێت، به‌نموونه له تهلهفزیۆنو ئینته‌رنێت كه ناتوانی كۆنترۆڵی بكه‌یت، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم ئه‌و دیارده‌یه به رێژه‌ی 70% بۆ 80% كه‌می كردوه".
ته‌واوی په‌ڕگه‌کانی وێبلاگ
دواترین | په‌ڕگه‌ی 75 له 126 | په‌ڕگه‌ی ڕابردوو