02:51 | 2008/4/17 | رێبەر
ئه‌مڕۆ ده‌مه‌وێ به خوێنه‌رانی ئازیزی ئاوێنه بڵێم: لێره به‌دواوه من له‌پۆستی سه‌رنووسه‌ری ئه‌م رۆژنامه‌یه‌دا نامێنم.ئه‌م ئه‌ركه گران‌و له‌هه‌مان كاتدا خۆشه‌ویسته، ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی هاوڕێ‌و هاوكارم كاك شوان محه‌مه‌د.
سه‌ره‌تای ئه‌م گۆڕانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و كاته‌ی كه هاوڕێی ئازیزم كاك ئه‌حمه‌د موفتی بڕیاری دا ده‌ست له پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆمپانیای ئاوێنه هه‌ڵگرێت. به‌پێی سیستمی كاری ئاوێنه، ده‌بوو ده‌سته‌ی گشتیی وه‌به‌رهێنه‌رانی كۆمپانیا كۆ ببنه‌وه‌و بڕیار له‌سه‌ر دامه‌زراندنی به‌ڕێوه‌به‌رێكی نوێ بده‌ن. بۆیه رۆژی هه‌ینی رێكه‌وتی (29/2/2008) ده‌سته‌ی گشتی له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی خۆیدا داوای لێ كردم ئه‌و پۆسته وه‌رگرم. منیش قبوڵم كرد‌و داوام كرد ئه‌م گۆڕانكارییه رانه‌گه‌یه‌نرێت تا ئه‌و كاته‌ی هه‌موومان دڵنیا ده‌بین له‌وه‌ی ده‌توانم ئه‌و ئه‌ركه راپه‌ڕێنم. بۆیه بڕیار درا له‌م ماوه‌یه‌دا كاك شوان محه‌مه‌د ئه‌ركی سه‌رنووسه‌ری ئاوێنه له‌ئه‌ستۆ بگرێت. له‌سه‌ره‌تای مانگی مارته‌وه، به كرده‌وه من له ده‌سته‌ی نووسه‌ران دووركه‌وتمه‌وه‌و له (15/3)یشه‌وه به‌ره‌سمی پۆسته نوێكه‌م وه‌رگرت.
پێم وایه ئێستا ئیتر كاتی ئه‌وه هاتووه ئه‌م گۆڕانه یه‌كلایی بكرێته‌وه‌و ئاشكرا بكرێت. به‌پێی به‌رنامه‌و سیستمی كاری ئاوێنه، ئه‌گه‌ر سه‌رنووسه‌ری هه‌ر به‌رهه‌مێك له پۆسته‌كه‌ی دوور كه‌وته‌وه، ده‌سته‌ی نووسه‌رانی ئه‌و به‌رهه‌مه كاندیدێك بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن‌و به وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی بۆردی جێبه‌جێكردنی كۆمپانیا‌و ده‌سته‌ی گشتی وه‌به‌رهێنه‌ران، به‌ره‌سمی پۆسته‌كه وه‌رده‌گرێت. بۆیه رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو دوابڕیاری خۆم به ده‌سته‌ی نووسه‌ران راگه‌یاند. ده‌سته‌ش له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌یدا كاك شوان محه‌مه‌دی هه‌ڵبژارد بۆ پۆستی سه‌رنووسه‌ر‌و به‌م پێیه‌ش بوو به كاندیدی ده‌سته‌ی نووسه‌ران. له‌و رووشه‌وه كه پشتگیری هه‌ریه‌كه له بۆردی جێبه‌جێكردن‌و ده‌سته‌ی گشتیی وه‌به‌رهێنه‌رانیشی هه‌یه، به ره‌سمی ده‌بێته سه‌رنووسه‌ری نوێی ئاوێنه.
پێم وایه ئه‌م گۆڕانه، باشترین نیشانه‌ی ئه‌و راستییه‌یه كه ئاوێنه بۆته خاوه‌نی سیستمێكی ته‌ندروست‌و كارای به‌ڕێوه‌بردن، نه‌ك له‌سه‌ر پشتی تاكه‌كه‌سه‌كان وه‌ستا بێت.
من له‌كاتێكدا كه زۆر سوپاسی هه‌ردوو هاوكاری پێشووم كاك كاوان فه‌ره‌ج‌و كاك ئه‌حمه‌د موفتی ده‌كه‌م كه له‌دامه‌زراندن‌و گه‌شه‌كردنی ئاوێنه‌دا ماندوو بوون‌و جێده‌ستیان دیاره، هیوای سه‌ركه‌وتنیش بۆ كاك شوان ده‌خوازم له پۆسته نوێكه‌یدا. دڵنیام كاك شوان به لێهاتوویی‌و ئه‌زموونی ده‌وڵه‌مه‌ندی خۆی‌و هاوكاره رۆژنامه‌نووسه گه‌نجه‌كانیشم به دڵسۆزی‌و خوێن گه‌رمیی خۆیان، ئه‌م گۆڕانه ده‌كه‌نه ده‌رفه‌تێك بۆ تازه‌كردنه‌وه‌و گه‌شه‌كردنی هه‌رچی زیاتری ئاوێنه. خۆشم به قه‌رزاری یه‌كه به یه‌كه‌یان ده‌زانم، كه له دامه‌زراندنی ئاوێنه‌وه تا ئه‌مڕۆ، به‌وپه‌ڕی دڵسۆزی‌و راستگۆییه‌وه هاوكارم بوون.
دواجار ناتوانم نكۆڵی له‌و راستییه بكه‌م كه دووركه‌وتنه‌وه له كاری رۆژنامه‌وانی له ئاوێنه‌دا، بۆ من كارێكی ئاسان نییه. ئه‌م ئه‌زموونه، به‌هه‌موو تاڵی‌و شیرینییه‌كانییه‌وه، به هه‌موو خۆشی‌و ناخۆشییه‌كانییه‌وه، چه‌ند ماندووشی كردبم، یه‌كێكه له خۆشه‌ویستترین‌و ده‌وڵه‌مه‌ندترین ئه‌زموونه‌كانی ژیانم. به‌ڵام پێم وایه نه‌ریتی ژیانی ته‌ندروست هه‌روایه. ده‌بێ كه‌سه‌كان بڕۆن‌و رۆژنامه‌و داموده‌زگاكان بمێننه‌وه.
■ ئاسۆس هه‌ردی
ته‌واوی په‌ڕگه‌کانی وێبلاگ
دواترین | په‌ڕگه‌ی 81 له 130 | په‌ڕگه‌ی ڕابردوو